ماددەی دووەم:
وەزارەت ئامانجی ئەمانەیە كە دادێن:
یەكەم: پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریی شارەوانی و گەشتیاری بۆ دابین كردنی پێداویستی دانیشتووان لە ئاوی پاكی خواردنەوە و ئاوەڕۆی چڵكاو و باراناو و وێستگەی خاوێن كردنەوەی و دروست كردنی رێگا و پرد و تونێڵ لە نێو سنووری شارەوانییەكان و گوندەكان، لەگەڵ ناوچەكانی گەشتیاری و، بەرز كردنەوەی ئاستی هەمەجۆر خزمەتگوزاریی شارەوانی بە چەند و چۆنیەوە، لەگەڵ دابین كردنی پێداویستی هاووڵاتیان لە ناوچەكانی گەشتیاری و پاركەكاندا.
دووەم: پلان دانان و بەڕێوەبردن و جێبەجێ كردنی كار و ئەركەكان بەو جۆرەی بەشدار دەبێت لە بەدی هێنانی بووژانەوەی ناوخۆی ئابووری، لە رێی سیاسەتی كارای بەكارهێنانی زەوی و نەخشەدانانی ئاوەدانی، لەگەڵ پلان دانان و بەدواداچوون و پەرەپێدانی بزاڤی گەشتیاری لە چوارچێوەی پلانی گشتیی گەشتیاری لە هەرێمدا.
سێیەم: ئامادە كردنی كەشی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگەی پاك و تەندروست و بایەخدان بە ناوچەی سەوز و چارەسەر كردنی خاشاكی رەق لە شار و شارۆچكەكان لەگەڵ ناوچەكانی گەشتیاری.
چوارەم: كار كردن بۆ راكێشانی سەرمایە و هاندانی وەبەرهێنان، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێم لە چوارچێوەی یاساكانی كار پێ كراو.