ماددهی (11) یەکەم: هەر کەسێک، سەرپێچى حوکمى بڕگەکانى (یەکەم) و (دووەم)ى ماددەى (10)ى ئەم یاسایە بکات، بە پێبژاردنێک کە لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (25,000,000) بیست و پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، و ئەگەر بەردەوام بوو لەسەرپێچییەکەى دەست بەسەر بەڵگەنامەکانیدا دەگیرێت. دووەم: هەر کەسێک، بەڵگەنامەیەکى گشتى بە ئەنقەست لە ناو ببات، بگۆڕێت، بیباتە دەرەوە، یان هاوکاربێ بۆ بردنە دەرەوەى بە پێچەوانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە، بە بەندکردن بۆ ماوەیەك کە لە (2) دوو ساڵ کەمتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (20,000,000) بیست ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (50,000,000) پەنجا ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت. سێیەم: هەر کەسێک بەڵگەنامەیەکى گشتى بفرۆشێت، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک كە لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردنێک، كە لە (100,000,000) سەد ملیۆن دینار کەمتر نەبێت، سزادەدرێت. چوارەم: هەر کەسێک کاربکات بۆ گۆڕین یان دەستکاریکردن، بە مەبەستى شێواندنی ناوەڕۆك یان لە ناوبردنى بەڵگەنامەیەکى تایبەت، بەبێ ڕێزگرتن لە مافى خاوەنداریەتى لەپێشینە بۆ ناوەند، بە پێبژاردنێک کە لە (20,000,000) بیست ملیۆن دینار کەمتر نەبێت، سزا دەدرێت. پێنجەم: هەر کەسێک بە هەڵە زیان بە بەڵگەنامەى گشتى بگەیەنێت بە پێبژاردنێک کە لە (5,000,000) پێنچ ملیون دینار کەمتر نەبێت و لە (10,000,000) دە ملیون دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، و ئەگەر هاتوو هەڵەکە بووە هۆى لە ناوچوونى بەڵگەنامەکە بە بەندکردن بۆ ماوەیەك کە لە (3) سێ مانگ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە (10,000,000) دە ملیون دینار کەمتر نەبێت سزا دەدرێت. شەشەم: سەرپێچییەکانى هاتوو لەم ماددەیەدا، ئەگەر لەلایەن فەرمانبەرانى ناوەندەوە ئەنجام درابێت، بە بارى توندكەر ئەژمار دەکرێت. حەوتەم: یاسا سزاییە بەرکارەکان بە سەر هەر سەرپێچى يان تاوانێکدا جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر بە دەقێکى تایبەت لەم یاسایەدا سزاى بۆ دانەنرابێت.