ماددهی (1) بۆ مەبەستی حوکمەکانى یاسایە، زاراوە و دەستەواژەكانی خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن:- یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق. دووەم: وەزارەت: وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانى هەرێم. سێیەم: وەزیر: وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى هەرێم. چوارەم: ناوەند: ناوەندى بەڵگەنامەى نیشتمانى هەرێم. پێنجەم: بەڵگەنامە: هەموو دەفرێکى پاراستنى زانیاریى، پەڕاویی و ئەلیکترۆنى و فۆتۆگرافى و دەستخەت و هەرداهێنانێکى کۆن و تازەى لەمەودواش، نامەگۆڕینەوە و تۆمار و نەخشە و وێنەى ڕوونکەرەوە و هێڵکارى و هەرشتێکیش موڵکێکى سەلمێندراوى تێدا جێگیرکرابێ، دەگرێتەوە. شەشەم: ئەرشیفکردن: کۆمەڵێک تەکنیک و ڕێوشوێن و شێوازە بۆ کۆکردنەوە، پاراستن، ڕێکخستن و خستنەوەبەردەستى بەڵگەنامەکان بۆ سوودى زانستى و گشتى. حەوتەم: بەڵگەنامەى گشتى: بەڵگەنامەى پەیوەندیدار بە چالاکییەکانى دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێم، لایەنى تایبەتى ڕاسپێردراو بە خزمەتى گشتى، حکومەتەکانى پێشووى دەوڵەتى عێراق لە کوردستان، دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق و هەر بەڵگەنامەیەک لە عێراقدا پەیوەندیداربێت بە خاک و گەلى کوردستان و ئەو بەڵگەنامە تایبەتانەى ناوەند بەدەستیان دەهێنێت و خەسڵەتى گشتییان پێدەبەخشێت، دەگرێتەوە. هەشتەم: بەڵگەنامەى تایبەتى: ئەو بەڵگەنامانەیە، کە خاوەنداریەتی بۆ کەسێکى سروشتى یان مەعنەوى دەگەڕێتەوە و خەسڵەتەکانى بەڵگەنامەى تێدایە.